(47) خوانه‌ناسان په‌له‌ت لێده‌که‌ن که ئه‌و سزایه زوو یه‌خه‌یان پێ بگرێت، بێگومان هه‌رگیز خوا له به‌ڵێنی خۆی لانادات (له‌سه‌ر داخوازی نه‌فامان پاش و پێشی ناخات، چونکه کات و زه‌مان بایه‌خی نیه لای خوا) به‌ڕاستی ڕۆژێك له‌لای ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ت وه‌كو هه‌زار ساڵ وایه له‌وه‌ی که ده‌یژمێرن.
(48) چه‌نده‌ها شار‌و شارۆچکه هه‌بوون که من مۆڵه‌تمداون له‌کاتێکدا ده‌نیشتوانی سته‌مکاریش بوون، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ناوم بردوون، سه‌رئه‌نجام و گه‌ڕانه‌وه‌ش هه‌ر بۆ لای منه.
(49) پێیان بڵێ: ئه‌ی خه‌ڵکینه من ته‌نها ترسێنه‌رو بێدارخه‌ره‌وه‌یکی ئاشکرام بۆتان.
(50) جا ئه‌وانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه و کار‌و کرده‌وه چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه لێ‌خۆش بوون و ڕۆزی به‌نرخ و فراوان بۆیان ئاماده‌یه.
(51) ئه‌و که‌سانه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ربه‌ست دابنێن له‌به‌رده‌م ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه‌دا له کاتێکدا ده‌سته‌وسانن، ئه‌وانه نیشته‌جێی ناو دۆزه‌خن.
(52) (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پێش تۆ هیچ پێغه‌مبه‌رێکی په‌یامدار و بێ په‌یاممان ڕه‌وانه نه‌کردووه ئاواتی نه‌خواستبێت به‌باوه‌ڕ هێنانی قه‌ومه‌که‌ی، به‌ڵام کاتێك ئاواتی خواستووه شه‌یتان ئه‌وه‌ی به فرسه‌ت زانیووه، شتی نابه‌جێی تێکه‌ڵ به‌ئاواته‌که‌ی کردووه، ئینجا خوایش فریای که‌وتووه و ئه‌وه‌ی شه‌یتان فڕێی داوه‌ته نا ئاواته‌که‌یه‌وه، سڕیویه‌تیوه، له‌وه‌ودوا خوای گه‌وره ئایه‌ت و فه‌رمانه‌که‌ی خۆی چه‌سپاو دامه‌زراو کردووه، خوا خۆی زانا‌و دانایه.
(53) (خوای گه‌وره بۆیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی داوه به‌شه‌یتان) تا ئه‌و (خه‌ته‌ره و خه‌یاڵ و وه‌سوه‌سه‌یه‌ی) شه‌یتان فڕێ ده‌داته نێو ئاواتی پێغه‌مبه‌رانه‌وه ببێته هۆی سزا‌و تاقیکردنه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی له دڵ و ده‌روونیاندا نه‌خۆشی دووڕوویی و ناپاکی هه‌یه و بۆ ئه‌وانه‌ش که به‌رامبه‌ر ئایینی خوا دڵ ڕه‌قن، به‌ڕاستی سته‌مکاران له دژایه‌تی و شه‌ڕه‌نگێزیه‌کی قووڵ و بێ بندا ڕۆچوون.
(54) بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی زانست و زانیاریان پێ به‌خشراوه دڵنیابن و بزانن که بێگومان ئه‌م قورئانه حه‌قیقه‌ت و ڕاسته و له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاری تۆوه (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) ڕه‌وانه کراوه، ئینجا بڕوای پته‌وی پێ ده‌هێنن و دڵه‌کانیشیان ملکه‌چ ده‌بێت بۆ خوا، بێگومان خوا هیدایه‌تده‌ری ئه‌وانه‌یه که باوه‌ڕیان هێناوه بۆ ڕێگه و ڕێبازی ڕاست و دروست.
(55) به‌رده‌وام ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕن ده‌رباره‌ی قورئان له شك و گوماندان، هه‌تا کوتوپڕ قیامه‌ت به‌رپا ده‌بێت، یاخود تا ئه‌و کاته‌ی که سزا‌و ئازار له ڕۆژێکی بێ خێردا یه‌خه‌یان پێده‌گرێت.