(55) به‌ڕاستی ئه‌مڕۆ به‌هه‌شتیه‌کان له‌ناو خۆشی و شادی و کامه‌رانیه‌کی بێ وێنه‌دا سه‌رگه‌رمن.
(56) خۆیان و هاوسه‌رانیان له ژێر سێبه‌ری دره‌ختی جوان و چڕ‌و پڕدا له‌سه‌ر کورسی و قه‌نه‌فه ڕازاوه‌کان شانیان داداوه.
(57) میوه‌هاتی زۆر‌و جۆراو جۆریان له‌وێدا پێشکه‌ش ده‌کرێت، هه‌روه‌ها هه‌رچی داوای بکه‌ن و حه‌زی لێ بکه‌ن ده‌ستبه‌جێ ئاماده‌یه (له خواردن و خواردنه‌وه، له جل و به‌رگی جوان، له جێگه‌و ڕێگه‌ی خۆش، له هۆکاری هاتوچۆ، له هه‌زاران نازو نیعمه‌تی بێ‌شومار).
(58) هاوڕێ له‌گه‌ڵ سڵاو ڕێزدا له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاری میهره‌بان و دلۆڤانه‌وه.
(59) له‌ولاشه‌وه یاخیه‌کان پێیان ده‌وترێت: ئاده‌ی تاوانبار‌و گوناهکاران، جیاببنه‌وه.
(60) ئه‌وسا خوای گه‌وره گله‌یی له یاخیه‌کانی نه‌وه‌ی ئاده‌م ده‌کات و ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی نه‌وه‌ی ئاده‌م، مه‌گه‌ر من پێم ڕانه‌گه‌یاندن که شه‌یتان نه‌په‌رستن، چونکه ئه‌و به‌ڕاستی دوژمنی ئاشکراتانه.
(61) به‌ڵکو ته‌نها من بپه‌رستن که هه‌ر ئه‌مه‌یه ڕێگه‌و ڕێبازی ڕاست و دروست.
(62) بێگومان شه‌یتان خه‌ڵکێکی زۆری له ئێوه گومڕا کرد، جا ئایا بۆچی ژیر نه‌بوون.
(63) ئه‌مه ئه‌و دۆزه‌خه‌یه که جاران پێی ده‌ترسێنران.
(64) ده‌بێت ئه‌مڕۆ بگه‌یه‌نرێنه ناوی له سه‌رئه‌نجامی بێ باوه‌ڕیتاندا و ببرژێن تیایدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕتان پێی نه‌بوو.
(65) ئه‌مڕۆ مۆر ده‌نێن به ده‌میاندا و قسه‌یان بۆ ناکرێت، به‌ڵکو ده‌ستیان قسه‌مان بۆ ده‌کات، قاچیشیان شایه‌تی ده‌دات به‌و کار‌و کرده‌وانه که ئه‌نجامیان ده‌دا (ده‌رباره‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی که ئه‌نجامیان داوه، کاتێك شریتی کاسێت و ڤیدیۆ و سی دی و دیسك قسه‌مان بۆ ده‌که‌ن باوه‌ڕ بوون به‌قسه‌کردنی ده‌ست و قاچ و... هتد، ئاسانه).
(66) خوا نه‌ناسان بۆ بیرێك ناکه‌نه‌وه خۆ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت چاویان کوێر ده‌که‌ین و شوێنه‌واری نایه‌ڵین، ئه‌و کاته ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت به ڕێگاکه‌دا بڕۆن، چۆن ده‌توانن ڕێگه‌که ببینن و پێشبڕکێ بکه‌ن؟!
(67) یاخود ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ر له جێگه‌ی خۆیان (له‌و جێگه‌دا که تاوانی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن) گۆج و ئیفلیجیان ده‌که‌ین، یان ڕووخساریان ده‌خه‌ینه شێوه‌ی ئاژه‌ڵ و جانه‌وه‌ره‌وه، ئه‌وسا ئیتر ناتوانن نه به‌ره‌و پێش بچن، نه بگه‌ڕێنه‌وه دواوه.
(68) خۆ ئاشکرایه ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی درێژی پێ ببه‌خشین. جوانی و ڕواڵه‌تی بۆ ناهێڵین، جا ئایا بۆ ژیریان ناخه‌نه کار؟!
(69) (دیاره خوا نه‌ناسان ئایاته‌کانی قورئانیان به شیعر داوه‌ته قه‌ڵه‌م و پێغه‌مبه‌ریش صلی الله علیه وسلم به شاعیر، بۆیه ده‌فه‌رموێت): وه‌نه‌بێت شیعرمان فێر کردبێت، شیعر وتنیش له‌و قه‌ده‌غه‌یه، ئه‌وه‌ی که فێرمان کردووه ته‌نها یادخه‌ره‌وه‌و قورئانێکی ئاشکراو ڕوونه.
(70) ئه‌م قورئانه بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سانه بێداربکاته‌وه که زیندوون (دڵ و عه‌قڵیان زیندوو هۆشیاره) تا بڕیاری خوا له‌سه‌ر کافران جێبه‌جێ بکرێت (بڕیاری سه‌رگه‌ردانی دنیا و سزای قیامه‌ت، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی پێ نه‌که‌ن).