(96) ئینجا که مژده هێنه‌ره‌که گه‌یشت و کراسه‌که‌یدا به‌سه‌ر ده‌م و چاویدا، خێرا بینای بۆ گه‌ڕایه‌وه، چاوه‌کانی گه‌شایه‌وه، وتی: ئایا من پێم نه‌وتن، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم له لایه‌ن خواوه، ئێوه نایزانن؟!
(97) (دوای ماوه‌یه‌ك کوڕه‌کان گه‌یشتن وهه‌موو شتێك ئاشکرا بوو) وتیان: ئه‌ی باوکی به‌ڕێزمان داوای لێخۆشبوونی گوناهه‌کانمان بۆ بکه (له خوای میهره‌بان) به‌ڕاستی ئێمه گوناهکار بووین و به‌هه‌ڵه‌دا چوو بووین.
(98) باوکیان وتی: له ئاینده‌دا داوای لێ خۆشبوونتان له په‌روه‌ردگارم بۆ ده‌که‌م، به‌ڕاستی ئه‌و زاته لێخۆش‌بوو میهره‌بانه.
(99) ئینجا (که هه‌موویان گه‌یشتنه میسر) چوونه لای یوسف، باوك و دایکی هێنایه نزیکی خۆی و (ڕێزی زۆری بۆ ده‌ڕبڕین، ئاخۆ چه‌نده دڵخۆش و کامه‌ران بووبن، دوای ئه‌و ماوه دوور و درێژه به کوڕی جوان کردار‌و خواناسیان شاد بوون، ئیستاش پاشای میسره) و پێی وتن: انشاءالله، ئه‌گه‌ر خوا ویستی بێت به‌یه‌کجاریی وه‌رن بۆ میسر، به‌وپه‌ڕی شادی و ئارامی و کامه‌رانی نیشته‌جێ ببن.
(100) ئه‌وسا دایك وباوکی به‌رز کرده‌وه بۆ سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی و حوکمڕانی خۆی، هه‌مووان کڕنووشیان بۆ برد (دیاره که ئه‌وسا دروست بووه و نیشانه‌ی ڕێز‌و پێ‌زانین بووه)، یوسف که ئه‌مه‌ی دی وتی: باوکی به‌ڕێزم ئه‌مه لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌که‌ی ئه‌وسامه که به‌منداڵی بینیم، ئه‌وه‌ته بێگومان په‌روه‌ردگارم هێنایه‌دی و به‌ڕاست ده‌رچوو، به‌ڕاستی ئه‌و زاته چاکه‌ی له‌گه‌ڵدا کردم و به‌سۆز بوو بۆم، کاتێك له زیندان ڕزگاری کردم، ئه‌وه‌ته ئێوه‌ی له بیابانه‌وه هێنایه‌وه‌و (به‌یه‌ك شادی کردینه‌وه) دوای ئه‌وه‌ی شه‌یتان نێوانی من و براکانمی تێکدابوو، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارم به‌سۆزو به‌لوطفه بۆ هه‌رشتێك که ده‌یه‌وێت (په‌له‌ی نیه‌و ڕێگه‌ی به‌شێنه‌یی بۆخۆش ده‌کات)، بێگومان ئه‌و زاته زانایه (به‌نهێنی و ئاشکرای دروستکراوانی) و دانایه (به‌نه‌خشه‌ی ورد، هه‌رچی بیه‌وێت ئه‌نجامی ده‌دات).
(101) (ئینجا یوسف پێغه‌مبه‌ر چووه که‌ناره‌وه و ده‌سته‌کانی هه‌ڵبڕی و نزای کرد‌و وتی): په‌روه‌ردگارا به‌ڕاستی تۆ پاشایه‌تیت پێ به‌خشیم و له لێکدانه‌وه‌ی خه‌و شاره‌زات کردم، ئه‌ی به‌دیهێنه‌ری ئاسمانه‌کان و زه‌وی، تۆ پشت و په‌نا و یارو یاوه‌ری منیت له دنیا‌و قیامه‌تدا، داواکارم که به موسڵمانی بم مرێنیت و بمخه‌یته ڕیزی پاکانه‌وه و بمگه‌یه‌نیت به‌کاروانی چاکان.
(102) ئه‌ی محمد ئه‌م به‌سه‌ر هات و سه‌رگوزشته‌یه‌ی یوسف که بۆت نیگا ده‌که‌ین له هه‌واڵ و به‌سه‌رهاته شاراوه‌کانه، خۆ تۆ له لای براکانی یوسف نه‌بوویت کاتێك که هه‌موویان بڕیاریاندا و پیلانیان ده‌گێڕا....
(103) (دڵنیاش به) که زۆربه‌ی خه‌ڵکی باوه‌ڕدار نین، هه‌رچه‌نده تۆ زۆر به‌په‌رۆش بیت و هه‌وڵ بده‌یت و تێ بکۆشیت.