(62) جا کاتێك تێپه‌ڕین (له‌و شوێنه‌و، له جێیه‌کی تر لایاندا) مو‌سا به‌هاوه‌ڵه‌که‌ی وت: ئاده‌ی خواردنه‌که‌مان بهێنه، چونکه به‌ڕاستی له‌م سه‌فه‌ره‌ماندا زۆر هیلاك و ماندوو بووین.
(63) لاوه‌که وتی: ئه‌گه‌ر له بیرت بێت ئه‌و کاته‌ی که چووینه سه‌ر به‌رده گه‌وره‌که (بۆ حه‌وانه‌وه) من بیرم چوو باسی ماسیه‌که‌ت بۆ بکه‌م، که‌سیش له بیری نه‌بردمه‌وه شه‌یتان نه‌بێت، که بۆتی باس بکه‌م، له‌ڕاستیدا ئه‌و ماسیه (زیندوو بۆوه‌و) به شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌یر خۆی کرد به‌ناو ده‌ریادا.
(64) مو‌سا علیه السلام وتی: هه‌ر ئه‌وه‌بوو که ئێمه ده‌مانویست (واته: ده‌بوو ئا له‌و شوێنه‌دا چاوه‌ڕێ بوینایه) ئیتر به ناچاری گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که به جێیان هێشتبوو.
(65) له‌وێ به به‌نده‌یه‌ك له به‌نده‌کانی ئێمه ئاشنا بوو که له ڕه‌حمه‌تی تایبه‌تی خۆمان به‌هره‌وه‌رمان کردبوو‌و زانست و زانیاری تایبه‌تی خۆمانمان پێ به‌خشیبوو، مو‌سا علیه السلام پێی وت: ئایا مۆڵه‌تم ده‌ده‌یت که شوێنت بکه‌وم تا له‌و زانست و زانیاریه‌ی پێت به‌خشراوه منیش به‌هره‌دار بکه‌یت؟
(66) مو‌سا (علیه وسلام) پێی گوت: ئاخۆ مۆڵتم ده‌ده‌یت شوێنت بکه‌وم؟ تا له‌و زانسته‌ی -له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه- فێرکراویت، منیش فێر بکه‌یت و نیشانمی بده‌ی، به‌ڵکو که‌ڵکی لێ وه‌رگرم له کاروبارمدا.
(67) زاناکه وتی: به‌ڕاستی تۆ هه‌رگیز نا‌توانیت له‌گه‌ڵ مندا خۆڕاگر بیت (بێده‌نگ بیت به‌رامبه‌ر ڕه‌فیتارو کردارم، چونکه من شتی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌که‌م و تۆ له نهێنیه‌که‌ی تێناگه‌یت).
(68) جا چۆن خۆده‌گریت له به‌رامبه‌ر شتێکه‌وه که هه‌واڵت لێی نیه و ئه‌م سه‌رو ئه‌و سه‌ری نازانیت.
(69) مو‌سا وتی: ده‌مبینیت ئه‌گه‌ر خوا ویستی له‌سه‌ر بێت خۆڕاگر ده‌بم و له هیچ فه‌رمانێکت ده‌رناچم.
(70) زاناکه وتی: جا ئه‌گه‌ر شوێنم که‌وتیت ئه‌وه پرسیارم له‌هیچ شتێك لێ مه‌که، هه‌تا خۆم له نهێنیه‌که‌ی ئاگادارت نه‌که‌م.
(71) هه‌تا کاتێك پێکه‌وه ده‌رچوون و سواری که‌شتیه‌که بوون، زاناکه ده‌ستی کرد به کون کردن و عه‌یبدار کردنی، مو‌سا (خۆی پێنه‌گیراو) وتی: باشه، ئاخر، ئه‌وه تۆ ئه‌م که‌شتیه کون ده‌که‌یت، ده‌ته‌وێت هه‌رچی سه‌رنشینه‌کانی هه‌یه نوقمی بکه‌یت، سوێند به‌خوا به‌ڕاستی کارێکی ناشایسته‌ی گه‌وره‌ت کرد!!
(72) زاناکه وتی: نهم وت: تۆ هه‌رگیز نا‌توانیت له‌گه‌ڵ مندا خۆڕاگر بیت!!.
(73) مو‌سا وتی: لێم مه‌گره چونکه مه‌رجه‌که‌م فه‌رامۆش کرد‌و فێربوونی ئه‌م زانیاریه‌ی که ده‌مه‌وێت له تۆوه فێربم له‌سه‌رم قورس و گران مه‌که.
(74) (دوایی دابه‌زینه سه‌ر وشکانی) که‌وتنه ڕێ، هه‌تا گه‌یشتنه منداڵێك، زاناکه گرتی و کوشتی، مو‌سا وتی: سه‌یره، ئه‌وه بۆچی که‌سێکی بێ گوناهت کوشت بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانێکی وای کردبێت و (شایسته‌ی کوشتن بێت) سوێند به‌خوا به‌ڕاستی کارێکی ناپه‌سه‌ندو ناڕه‌وات ئه‌نجامدا!!