(54) ئێمه هیچ ناڵێین ئه‌وه نه‌بێت: وا دیاره هه‌ندێ له خواکانمان به‌خراپ ده‌ستیان لێ وه‌شاندوویت!! هود وتی: ده‌ی من به‌ڕاستی خوا ده‌که‌م به‌شایه‌ت و ئێوه‌ش به‌شایه‌ت بن که بێگومان من به‌ریم له‌وه‌ی ئێوه ده‌یکه‌نه شه‌ریك و هاوه‌ڵ بۆ خوا...
(55) جگه له خوا خۆتان به په‌رستراوه‌کانتانه‌وه فێڵ و پیلانم لێ بکه‌ن هه‌ر هه‌مووتان، که‌وابوو وه‌رن هه‌مووتان کۆببنه‌وه و نه‌خشه بکێشن بۆ له‌ناو بردنم، پاشان مۆڵه‌تیشم مه‌ده‌ن!...
(56) چونکه به‌ڕاستی من پشتم به‌خوا به‌ستووه، که په‌روه‌ردگاری من و په‌روه‌ردگاری ئێوه‌یشه، هیچ گیانله‌به‌رێك نیه جڵه‌وی به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌وه نه‌بێت، بێگومان په‌روه‌ردگارم له‌سه‌ر به‌رنامه‌و ڕێبازێکی ڕاست و دروسته.
(57) جا ئه‌گه‌ر ئێوه گوێم بۆ نه‌گرن و پشت بکه‌نه ئه‌م به‌رنامه‌یه، ئه‌وه بێگومان من پێم ڕاگه‌یاندن ئه‌و به‌رنامه و په‌یامه خواییه‌ی به مندا نێرراوه بۆتان و په‌روه‌ردگارم (ئه‌گه‌ر ملکه‌چ نه‌بن) ئێوه له‌ناو ده‌بات و هۆزێکی تر ده‌خاته شوێنی ئێوه، ئێوه ناتوانن هیچ زیانێك به‌و بگه‌یه‌نن به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری من به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا چاودێر‌و به توانایه.
(58) کاتێکیش فه‌رمانی ئێمه هات (که بڕیاری تیاچوونی هۆزی عاد بوو) و ئه‌وه هود و ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێنابوو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بوون ڕزگاریشمان کردن به‌هۆی به‌زه‌یی و لێبورده‌یی خۆمانه‌وه له سزایه‌کی زۆر قورس و گران.
(59) به‌ڵێ! ئه‌وه هۆزی عاد بوو، بێ باوه‌ڕ بوون و ئیمانیان نه‌هێنا به فه‌رمانه‌کانی په‌روه‌ردگاریان، لاشیاندا له به‌رنامه‌ی پێغه‌مبه‌رانی خوا‌و شوێن فه‌رمانی هه‌موو زۆردار‌و سه‌رسه‌خت و خوانه‌ناسێك که‌وتن.
(60) جا هه‌ر له‌م جیهانه‌دا نه‌فرین لێکراو بوون و دوور بوون له به‌زه‌یی خوا، له ڕۆژی قیامه‌تیشدا (هه‌ر نه‌فرین لێکراو ده‌بن) و ئاگاداربن که بێگومان هۆزی عاد بێ باوه‌ڕ بوون و بێ وه‌فاییان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر په‌روه‌ردگاریان، ئاگاداربن که دووریی و بێ نرخی بۆ هۆزی عادی قه‌ومی هود.
(61) بۆ هۆزی ثهمودیش، صالح ی برایانمان ڕه‌وانه کرد، وتی: ئه‌ی خزمه‌کانم گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره بکه‌ن جگه له‌و زاته هیچ خوایه‌کی ترتان نیه، ئه‌و به‌رپای کردوون له زه‌ویداو داوای لێکردوون که ئاوه‌دانی بکه‌نه‌وه، جا که‌وابوو داوای لێ خۆشبوونی لێ بکه‌ن پاشان بگه‌رێنه‌وه بۆ لای و فه‌رمانه‌کانی به‌جێ بهێنن، چونکه به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری من زۆر نزیکه و نزا وه‌رگره (له‌و که‌سانه‌ی لێی ده‌پارێنه‌وه و داوای لێ خۆشبوونی لێده‌که‌ن).
(62) خه‌ڵکه‌که وتیان: ئه‌ی صالح، به‌ڕاستی پێش ئه‌م باسانه‌ت تۆ له‌ناو ئێمه‌دا شوێنی هیوامان بوویت، ئایا به‌رگری ئه‌وه‌مان لێده‌که‌یت که شوێنی شتێك بکه‌وین که باو‌و باپیرانمان شوێنی که‌وتوون و په‌رستویانن؟! ئێمه به‌ڕاستی له گومانداین له‌وه‌ی که تۆ بانگی ئێمه ده‌که‌ی بۆلای و به‌دبینین لێی!!