(24) که‌چی وتیان: ئه‌ی مو‌سا دڵنیابه ئێمه هه‌رگیز ناچینه ئه‌و شاره‌وه و ڕووی تێناکه‌ین ماده‌م ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی تێدا بێت، (ئیتر تۆ که‌یفی خۆته حه‌ز ده‌که‌یت) بچۆ خۆت و په‌روه‌ردگارت جه‌نگ بکه‌ن دژیان، ئێمه به‌ڕاستی ئا لێره‌دا دانیشتووین (چاوه‌ڕێی سه‌رئه‌نجامین)!!
(25) ئینجا مو‌سا وتی: په‌روه‌ردگارا به‌ڕاستی من ده‌سه‌ڵاتم نیه جگه به‌سه‌ر خۆم و براکه‌مدا نه‌بێت (ئێمه ئاماده‌ی هه‌موو فه‌رمانێکی تۆین) ئیتر داواکارین که ئێمه جیا بکه‌یته‌وه له‌و خه‌ڵکه تاوانکار و سته‌م پیشه‌یه...
(26) خوا فه‌رمووی: به‌ڕاستی ئه‌وه ئیتر شاری قدس له‌سه‌ریان حه‌رامه، ده‌بێت چل ساڵیش وێڵ و سه‌رگه‌ردان بن له‌سه‌ر زه‌ویدا (تا ئه‌و نه‌وه ترسنۆکه تیا بچێت و نه‌وه‌ی تازه پێبگات)، ئیتر خه‌فه‌ت مه‌خۆ بۆ گه‌ل و هۆزی تاوانبار و سته‌م پیشه.
(27) به‌سه‌رهات و هه‌واڵی دوو کوڕه‌که‌ی ئاده‌م بۆ ئه‌و خه‌ڵکه بخوێنه‌ره‌وه که: به‌ڕاستی ڕوویداوه، ئه‌وه بوو کاتێک هه‌ردووکیان قوربانییان کرد، له یه‌کێکیان وه‌رگیرا (که له‌سه‌ر حه‌ق بوو، له خوا ترس بوو) و له‌وی تریان وه‌رنه‌گیرا (چونکه ڕق ئه‌ستوورو حهسوودو خوانه‌ناس بوو) به‌براکه‌ی وت: هه‌ر ده‌تکوژم ئه‌ویش له وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌که‌یدا وتی: خوای گه‌وره ته‌نها له پارێزکاران قوربانی و چاکه وه‌رده‌گرێت.
(28) سوێند به خوا ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ست درێژ بکه‌یت بۆ من بۆ ئه‌وه‌ی بمکوژیت، من ده‌ستدرێژ ناکه‌م بۆ تۆ بۆ ئه‌وه‌ی بتکوژم، چونکه به‌ڕاستی من له‌سزاو تۆڵه‌ی خوا، په‌روه‌ردگاری جیهانه‌کان ده‌ترسم.
(29) (من به‌و ده‌ست درێژ نه‌کردنه‌م) به‌ڕاستی ده‌مه‌وێت به‌گوناهی من و گوناهی خۆیشته‌وه بگه‌ڕێیته‌وه، ئه‌وجا ده‌بیته نیشته‌جێی ناو ئاگر، هه‌ر ئه‌وه‌شه پاداشتی سته‌مکاران.
(30) سه‌رئه‌نجام نه‌فسی سه‌رکه‌شی هانیداو کوشتنی براکه‌ی لاساده و ئاسان کرد‌و کوشتی، ئیتر خۆی خسته ڕیزی خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندانه‌وه.
(31) له‌وه‌ودوا گیری خوارد به‌ده‌ست ته‌رمه‌که‌یه‌وه، چونکه وادیاره یه‌که‌م که‌سه کوژرا بێت و شه‌هید بوو بێت)، ئه‌وسا خوای میهره‌بان قه‌له‌ڕه‌شێکی نارد‌و چاڵێکی له زه‌ویدا هه‌ڵکه‌ند (بۆ قه‌له‌ره‌شێکی تری مرداره‌وه بوو) تا نیشانی بدات چۆن لاشه‌ی براکه‌ی بشارێته‌وه، (هه‌رکه ئه‌وه‌ی دی) وتی: هاوار له من، ئایا ئه‌وه من نه‌متوانی وه‌کو ئه‌و قه‌له‌ڕه‌شه بکه‌م و به‌قه‌ده‌ر ئه‌وم لێنه‌هات تا لاشه و عه‌یب و عاری براکه‌م بشارمه‌وه، ئیتر بۆ هه‌میشه چووه ڕیزی په‌شیمانانه‌وه.