(158) ئایا ئه‌وانه چاوه‌ڕێی هیچ شتێک ده‌که‌ن جگه له‌وه‌ی که فریشته‌ی گیان کێشانیان بۆ بێت؟ یان په‌روه‌ردگارت خۆی یه‌کسه‌ر بێت بێ چه‌ند و چوون؟ یان هه‌ندێک له نیشانه‌کانی په‌روه‌ردگارت ده‌ربکه‌وێت (که به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر به‌رپا بوونی قیامه‌ت)؟ له ڕۆژی هاتنی هه‌ندێک له نیشانه‌کانی په‌روه‌ردگارت (وه‌کو هه‌ڵهاتنی ڕۆژ له خۆرئاوا...)، ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و ڕۆژه ئیمان و باوه‌ڕ ده‌هێنێت، ئه‌و ئیمان و باوه‌ڕه‌ی سوودی بۆی نابێت ئه‌گه‌ر پێشتر ئیمانی نه‌هێنابێت، یان کرده‌وه‌ی چاکی هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئیمانه‌که‌یدا ئه‌نجام نه‌دابێت، پێیان بڵێ: چاوه‌ڕێ بکه‌ن (بزانین خوا چیتان به‌سه‌ر ده‌هێنێت) ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانین.
(159) به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی ئاینه‌که‌یان به‌ش به‌ش کرد‌و بوونه ده‌سته ده‌سته و پارچه پارچه (بڕوایان به‌هه‌ندێکی قورئان هه‌یه و هه‌ندێکی تری پشت گوێ ده‌خه‌ن)، ئه‌وه له هیچ شتێکدا تۆ له‌وان نیت، به‌ڵکو تۆ له‌وان به‌ریت، به‌ڕاستی ئه‌وانه کاروباریان بۆ لای خوایه و تۆڵه‌ی لادانیان لێده‌سێنێته‌وه، له‌وه‌ودوا هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و کار‌و کرده‌وانه‌یان پێ ده‌دات که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
(160) ئه‌وه‌ی به‌یه‌ک خێر‌و چاکه‌وه هاتبێت ئه‌وه ده چه‌ندانه‌ی چاکه‌که پاداشتی بۆ هه‌یه، ئه‌وه‌ش به گوناهو هه‌ڵه‌یه‌که‌وه هاتبێت، ئه‌وه پاداشت نادرێته‌وه جگه به‌ئه‌ندازه‌ی تاوانه‌که‌ی نه‌بێت و ئه‌وانه سته‌میان لێناکرێت.
(161) (ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم) پێیان) بڵێ: به‌ڕاستی من په‌روه‌ردگارم هیدایه‌ت و ڕێنمووی کردووم بۆ ڕێگه و ڕێبازی ڕاست و دروست، ئاینێک که ڕاگری ژیانی خه‌ڵکه، ئه‌ویش ئاینی ئیبراهیمه که دووره له هه‌موو لادان و ناڕێکیه‌که‌وه و ئه‌و هه‌رگیز له ڕیزی موشریک و هاوه‌ڵگه‌راندا نه‌بووه.
(162) (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) بڵێ: به‌ڕاستی نوێژ‌و حه‌ج و دروشمه‌کانی و (سه‌رجه‌م چاکه و به‌ندایه‌تیم) هه‌روه‌ها ژیان و مردنم تایبه‌ته بۆ خوای په‌روه‌ردگاری جیهانیانه‌وه.
(163) ئه‌و زاته هیچ هاوه‌ڵ و هاوبه‌ش و شه‌ریکێکی نیه و من به‌وه فه‌رمانم پێدراوه و من یه‌که‌م که‌سی موسوڵمانانم.
(164) هه‌روه‌ها بڵێ: ئایا ڕه‌وایه من جگه له خوا بگه‌ڕێم په‌روه‌ردگارێکی تر بکه‌مه په‌روه‌ردگاری خۆم له‌کاتێکدا که ئه‌و زاته خاوه‌ن و په‌روه‌ردگاری هه‌موو شتێکه؟ هیچ که‌سێک هیچ گوناهێک ناکات له‌سه‌ر خۆی نه‌که‌وێت، هیچ که‌سێک باری گرانی تاوانی که‌سی تر هه‌ڵناگرێت، له‌وه‌ودوا گه‌ڕانه‌وه‌تان هه‌ر بۆ لای په‌روه‌ردگارتانه، ئینجا هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌تان پێ ده‌دات که جیاوازی و کێشه‌تان تێدا هه‌یه.
(165) خوا هه‌ر ئه‌و زاته‌یه، که ئێوه‌ی کردووه به‌جێنشینی (گه‌لانی ڕابووردوو) له‌م زه‌ویه‌دا، چه‌نده‌ها پله‌وپایه‌ی هه‌ندێکتانی به‌سه‌ر هه‌ندێکی ترتاندا به‌رز کردۆته‌وه (له ڕووی زانستی یان سامان یان هێز... هید)، بۆ ئه‌وه‌ی تاقیتان بکاته‌وه به‌وه‌ی که پێی به‌خشیوون، دڵنیاش به که په‌روه‌ردگاری تۆ له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا خێرایه (له‌وانه‌ی که‌له تاقی کردنه‌وه‌که‌دا ده‌رناچن) بێگومان ئه‌و زاته لێ‌خۆش بووه و میهره‌بانیشه (بۆ سه‌رفرازان).