(44) (پاشان) نیشته‌جێیانی به‌هه‌شت بانگی نیشته‌جێکانی دۆزه‌خیان کرد: به‌ڕاستی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی که په‌روه‌ردگارمان پێی دابووین ده‌ستمانکه‌وت و پێی به‌خشین، ئایا ئێوه‌ش ئه‌و به‌ڵێنه‌ی که په‌روه‌دگارتان دابووی به‌ڕاستی ده‌ستانکه‌وت؟! (له وه‌ڵامدا به‌دڵ شکاوی و غه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه) وتیان: به‌ڵێ.. ئه‌وسا جاڕچیه‌ک جاڕیدا له نێوانیاندا و هاواری کرد: نه‌فره‌تی خوا له سته‌مکاران بێت...
(45) ئه‌وانه‌ی که به نه‌رمه بڕی به‌رهه‌ڵستی ڕێبازی خوا ده‌که‌ن و کۆسپ و ته‌گه‌ره ده‌خه‌نه ڕێگه‌ی و ڕێبازی خوایان به خوارو خێچی ده‌وێت، له‌کاتێکدا هه‌میشه ئه‌وان بێ بڕوان به زیندوو بوونه‌وه و لێپرسینه‌وه.
(46) له‌نێوان به‌هه‌شتی و دۆزه‌خیه‌کاندا دیوار‌و په‌رده‌یه‌ک هه‌یه، به‌سه‌ر شوێنه به‌رزه‌کانیشه‌وه که‌سانێکی مه‌رد هه‌ن هه‌ردوولا به‌چاکی ده‌ناسن به‌هۆی ناونیشانه‌کانیانه‌وه (کاتێک ڕوو ده‌که‌نه به‌هه‌شت) بانگ ده‌که‌ن له نیشته‌جێکانی و ده‌ڵێن: سڵاوتان لێ بێت (خۆشی له خۆتان)، ئه‌وانه هێشتا نه‌چوونه‌ته ناوی باڵام به‌هیوان و ئومێدیان هه‌یه.
(47) کاتێکیش ڕوویان به‌ره‌و ڕووی دۆزه‌خیان وه‌رده‌چه‌رخێنرێت ده‌ڵێن: په‌روه‌دگارا مه‌مانگێڕه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سته‌مکاراندا.
(48) ئه‌وانه‌ی که له‌سه‌ر شوێنه به‌رزه‌کانن بانگی که‌سانێک ده‌که‌ن (له دۆزه‌خیان) که به‌ڕواڵه‌ت و سیمایاندا ده‌یانناسن و پێیان ده‌ڵێن: (خۆ ئیستا لاتان ڕوونه) که دار‌و ده‌سته‌و هێزو توانا و ماڵ و سامانتان فریاتان نه‌که‌وت؟! هه‌روه‌ها فیز و لووت به‌رزی و خۆ فش کردنه‌وه‌تان به‌هاناتانه‌وه نه‌هات!!
(49) ئایا ئه‌وانه ئه‌و که‌سانه‌ن که‌کاتی خۆی سوێندتان ده‌خوارد ڕه‌حمه‌تی خوا نایانگرێته‌وه! (ئه‌وه‌ته خوا پێیان ده‌فه‌رموێت): ده بچنه به‌هه‌شته‌وه، نه ترس و بیمتان له‌سه‌ره نه‌غه‌م و په‌ژاره‌ش ده‌خۆن.
(50) (دۆزه‌خیان به‌ده‌م ئاهو ناڵه‌و غه‌م و په‌ژاره‌وه) هاواریان له به‌هه‌شتیان کرد‌و لێیان پاڕانه‌وه‌و وتیان: نه‌ختێک ئاومان به‌سه‌ردا بڕێژن، یان به‌شمان بده‌ن له‌و ڕزق و ڕۆزیانه‌ی که خوا پێی به‌خشیوون (به‌هه‌شتیه‌کان له وه‌ڵامیاندا) وتیان: به‌ڕاستی خوا خواردن و خواردنه‌وه‌ی به‌هه‌شتی له‌سه‌ر بێ باوه‌ڕان حه‌رام کردووه...
(51) ئه‌وانه‌ی که‌کاتی خۆی ئاینه‌که‌یان به‌گه‌مه‌و گاڵته گرتبوو، ژیانی دنیا غه‌ڕاو سه‌رگه‌ردانی کردبوون و خه‌ڵه‌تاندنی، جا ئێمه ئه‌مڕۆ ئه‌وانه فه‌رامۆش ده‌که‌ین، هه‌روه‌کو ئه‌وان ئه‌م ڕۆژه‌یان فه‌رامۆش کرد و له‌بیر خۆیان بردبۆوه، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه که دژی ئایه‌ته‌کانی ئێمه ده‌وه‌ستان و ئینکاری و به‌ربه‌ره‌کانیان ده‌کرد.