(52) سوێند بێت به‌خوا به‌ڕاستی ئێمه کتێبێکمان بۆ هێنان هه‌موو شتێکمان له‌سه‌ر بنچینه‌ی زانستی و زانیاری تێدا ڕوون کردۆته‌وه، هیدایه‌ت و ڕه‌حمه‌ت و ڕێنموویشه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که باوه‌ڕی پێده‌هێنن.
(53) ئایا (بێ باوه‌ڕان) چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌ن جگه له پێشهاتن و ڕوودانی هه‌ڕه‌شه قورئانیهکان نه‌بێت؟ جا ئه‌و ڕۆژه‌ی که (به‌ڵێن و هه‌ڕه‌شه‌کان) دێته دی، ئه‌وانه‌ی پێشتر فه‌رامۆشیان کردبوو ده‌ڵێن: به‌ڕاستی پێغه‌مبه‌رانی په‌روه‌ردگارمان حه‌قیقه‌ت و ڕاسته‌قینه‌یان هێنابوو (که‌چی ئێمه بڕوامان پێنه‌کردن و به‌که‌ساسیه‌وه ده‌ڵێن): ئایا ئه‌وه که‌سێک نیه تکامان بۆ بکات؟ (به‌ڵکو خوا بمانبه‌خشێت)، یاخود بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دنیا‌و کار‌و کرده‌وه‌ی چاک بکه‌ین نه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌وسا ده‌مانکرد، به‌ڕاستی ئه‌وانه خۆیان دۆڕاند‌و هه‌رچیان هه‌ڵبه‌ستبوو و باوه‌ڕیان پێی هه‌بوو، لێیان ون بوو.
(54) بێگومان په‌روه‌ردگارتان (الله)یه که دروستکاری ئاسمانه‌کان و زه‌ویه له ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژدا (مه‌گه‌ر هه‌ر خۆیشی بزانێت ئه‌و ڕۆژانه ماوه‌یان چه‌نده)، پاشان له‌سه‌ر عه‌رش و ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی وه‌ستا (ئه‌ڵبه‌ته چۆنیه‌تیی وه‌ستان و ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و گه‌لێ شتی له‌و بابه‌تانه له‌راده‌ی بۆچوونی ئێمه به‌ده‌ره، ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌یان له پێشه‌وا مالیک و ئه‌حمه‌د پرسیووه، له وه‌ڵامدا وتوویانه: وه‌ستانه‌که حه‌قیقه‌تی هه‌یه، چۆنیه‌تیه‌که‌ی شاراوه‌یه، پرسیار کردن ده‌رباره‌ی بیدعه‌یه، باوه‌ڕ بوون پێی واجبه)، به‌شه‌و، ڕۆژ داده‌پۆشێت؛ له‌کاتێکدا به‌شێنه‌یی عه‌وداڵه به‌دوایدا، خۆر‌و مانگ و ئه‌ستێره‌کان (هه‌ر هه‌موویان) به فه‌رمانی خوا که‌وتوونه‌ته گه‌ڕو له فه‌رمانی ده‌رناچن، ئاگادار بن و بزانن و تێفکرن که: هه‌رچی دروستکردن و بڕیاردانه هه‌ر بۆ ئه‌وه، (که‌واته ده‌با هه‌مووان فه‌رمانبه‌رداری ئه‌و بین و له فه‌رمانی ده‌رنه‌چین)، موباره‌ک و پیرۆز‌و گه‌وره‌یه زاتی (الله) په‌روه‌ردگاری جیهانیان.
(55) هاناو هاوار بکه‌ن له په‌روه‌ردگارتان به‌پاڕانه‌وه‌ی به‌کوڵ، به‌نهێنی (له‌کات و شوێنی له‌باردا) چونکه به‌ڕاستی ئه‌و زاته ده‌ست درێژکارانی خۆش ناوێت ( مه‌به‌ست ئه‌وانه‌ن که هاناو هاوار بۆ غه‌یری خوا ده‌به‌ن).
(56) (خه‌ڵکینه) فه‌ساد و گوناه و تاوان ئه‌نجام مه‌ده‌ن له زه‌ویدا دوای ئه‌وه‌ی چاکه‌کاریی ڕه‌نگی گرتووه‌و (خه‌ڵکی خه‌ریکن خووی پێوه ده‌گرن)، به‌رده‌وام هاناو هاوار بۆ خوا به‌رن له ترسی سزای دۆزه‌خ و به‌ئومێدی به‌ده‌ستهێنانی به‌هه‌شت، به‌ڕاستی ڕه‌حمه‌تی خوا نزیکه له چاکه‌کاران و چاکه‌خوازانه‌وه.
(57) هه‌ر ئه‌و خوایه‌یه که بای شه‌ماڵ (هه‌ڵگری هه‌ڵمی ئاو) ده‌نێرێت له‌کاتێکدا مژده‌یه (بۆ خه‌ڵک) له‌نێوان دووده‌ستی ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگاردا، هه‌تا وای لێدێت که ئه‌و بایه هه‌وری سه‌نگین هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وسا ده‌ینێرین بۆ ناوچه‌و وڵاتێکی مردوو، جا به‌هۆی ئه‌و ئاوه‌وه هه‌رچی به‌روبوومه ده‌ری ده‌هێنین، جا هه‌ر ئابه‌و شێوه‌یه مردووانیش له‌ناخی زه‌وی ده‌رده‌هێنین و زیندوو ده‌که‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی یاداوه‌ری وه‌ربگرن.