(38) ئنجا وتمان: هه‌مووتان ده‌بێ دابه‌زن (بۆ سه‌ر زه‌وی) جا ئه‌گه‌ر هه‌ركاتێك له لایه‌ن منه‌وه ڕێنوماییتان بۆهات، هه‌ركه‌س شوێن ڕێنوومایی من بكه‌وێت، ئه‌وه نه ترس و بیمیان له‌سه‌ر ده‌بێت، نه غه‌مگین و دڵته‌نگ ده‌بن.
(39) ئه‌وانه‌ش بێ باوه‌ڕ بوون و باوه‌ڕیان به ئایه‌ته‌كانی ئێمه نه‌بوو، ئه‌وانه نیشته‌جێی دۆزه‌خن و بۆ هه‌تا هه‌تایی تیایدا ده‌مێننه‌وه.
(40) ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل (نه‌وه‌ی حه‌زره‌تی یه‌عقوب (سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) یادی نازو نیعمه‌تی من بكه‌نه‌وه كه به‌سه‌رتاندا ڕژاندومه‌و به‌وه‌فاو به‌ئه‌مه‌ك بن و په‌یمانه‌كه‌م جێبه‌جێ بكه‌ن (كه ئیمان و كرده‌وه‌ی چاك و باوه‌ڕكردنه به‌هه‌موو پێغه‌مبه‌ران به‌بێ جیاوازی) ئه‌وسا منیش په‌یمانی خۆم به‌جێ ده‌هێنم (كه جێ‌نشین كردنتانه له دنیاداو، به‌هه‌شتی به‌رینه له قیامه‌تدا) باترس و بیمتان ته‌نها له من هه‌بێت (تا ئاسووده‌یی ڕه‌هاتان پێ ببه‌خشم)...
(41) هه‌روه‌ها ئیمان بهێنن به‌و قورئانه‌ی كه ناردومه‌ته خواره كه پاڵپشتی په‌یامه‌كه‌ی لای ئێوه‌یه (ته‌ورات و ئینجیلی ده‌ستكاری نه‌كراو) مه‌بنه یه‌كه‌م بێ بڕوا پێی (له جیاتی یه‌كه‌م باوه‌ڕدار) و ئایه‌ته‌كانم به نرخێكی كه‌م مه‌گۆڕنه‌وه (له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێ مه‌رامی كه‌م نرخی دنیادا)، ته‌نها له من بترسن و خۆتان له خه‌شمی من بپارێزن.
(42) نه‌كه‌ن ڕاستی و به‌تاڵ، حه‌ق و ناحه‌ق به‌یه‌كه‌وه بئاڵێنن و حه‌ق مه‌شارنه‌وه، درۆ دامه‌پۆشن به‌ڕاست له‌كاتێكدا خۆشتان حه‌ق و ڕاستی ده‌زانن كامه‌یه.
(43) نوێژه‌كانتان به‌چاكی ئه‌نجام بده‌ن به دروشمه‌كانیه‌وه‌و زه‌كاتیش بده‌ن، له‌گه‌ڵ كڕنووش به‌راندا كڕنووش ببه‌ن (بۆ په‌روه‌ردگارتان).
(44) (كه‌ی ئه‌وه ڕاسته) فه‌رمانی چاكه به‌خه‌ڵكی بده‌ن و خۆتان فه‌رامۆش بكه‌ن؟! له‌كاتێكدا خۆ ئێوه كتێبی خوا ـ ته‌ورات ـ ده‌خوێننه‌وه، (ده‌زانن سزای گوفتاری بێ ڕه‌فتار چۆنه) جا ئایا ژیریتان ڕێتان لێناگرێت له‌و هه‌ڵوێسته ناشرینه؟!
(45) (ئێوه هه‌وڵ بده‌ن) پشت ببه‌ستن به‌ئارامگرتن و نوێژكردن (بۆ گه‌یشتن به ئامانج) به‌ڕاستی نوێژ ئه‌ركێكی گه‌وره‌و گرانه، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به خۆشه‌ویستی و سۆزه‌وه خواپه‌رستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و (باوه‌ڕی دامه‌زراویان هه‌یه)...
(46) ئه‌وانه‌ی ده‌زانن بێگومان به دیداری په‌روه‌ردگاریان شاد ده‌بن و باوه‌ڕی پته‌ویان هه‌یه و كه بۆ لای ئه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
(47) ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل: یادی نازو نیعمه‌ته‌كانم بكه‌نه‌وه كه ڕشتومه به‌سه‌رتاندا بێگومان من گرنگی زۆرم پێداون و نازونیعمه‌تی زۆرم پێبه‌خشیوون (له‌خواردن و خواردنه‌وه له موعجیزه‌ی جۆراوجۆر، له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان،... هتد) من زیاده ڕێزی ئێوه‌م داوه به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكیدا (ئه‌ڵبه‌ته له‌سه‌رده‌می خۆیاندا و ئه‌وانه‌ی كه پابه‌ندی ئاینی خوا بوون، به تایبه‌تی پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكان)...
(48) خۆتان بپارێزن له ڕۆژێك كه كه‌س فریای كه‌س ناكه‌وێت و كه‌س هیچی له‌ده‌ست نایه‌ت و تكاكاری كه‌سیش وه‌رناگیرێت و بارمته‌و گۆڕانكاری تیادا ئه‌نجام نادرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی خوانه‌ناسن یارمه‌تی نادرێن و سه‌رناخرێن.