(70) كه‌چی هه‌ر وتیان: له په‌روه‌ردگارت داوا بكه تا به‌ته‌واوی بۆمان ڕوون بكاته‌وه بزانین كامه‌یه؟! چونكه به‌ڕاستی ئه‌م گا گه‌له سه‌ری لێ تێك داوین و ڕه‌نگی زۆربه‌یان له یه‌ك ده‌چێت، ئه‌و مانگایه‌مان بۆ نادۆزیرێته‌وه، به‌ڕاستی ئێمه ـ ئه‌گه‌ر خوا ویستی له‌سه‌ر بێت ـ ڕێنموویی وه‌رده‌گرین.
(71) مو‌سا وتی: به‌ڕاستی خوا ده‌فه‌رموێت: ئه‌وه مانگایه‌كه هێشتا ڕانه‌هێنراوه زه‌وی بكێڵێت و جووت بكات، ئاودێری كشتوكاڵیش ناكات، بێ عه‌یبه‌و یه‌ك ڕه‌نگه‌و هیچ په‌ڵه‌یه‌كی تێدانی یه، ئه‌وسا وتیان: ئا ئێسته ئیتر هه‌واڵی ڕاسته‌قینه‌ت پێداین (ئیتر دوای هه‌وڵ و كۆششێكی زۆر به‌ده‌ستیان هێنا) و سه‌ریان بڕی، هه‌رچه‌نده خه‌ریك بوو ئه‌و كاره‌ش نه‌كه‌ن.
(72) (یادی نیعمه‌تی ئاشكرا بوونی بكوژه‌كه بكه‌نه‌وه) چۆن كاتێك كه‌سێكتان كوشت و یه‌كسه‌ر ئاژاوه له نێوانتاندا به‌رپابوو، خوایش ئه‌وه‌ی ده‌تانشارده‌وه ده‌ریخست و ئاشكرای كرد (كه بكوژ كێیه).
(73) ئینجا وتمان: به پارچه‌یه‌ك له‌و مانگا سه‌ربڕاوه بده‌ن به لاشه‌ی كوژراوه‌كه‌دا (دیاره به‌ویستی خوا وه‌ك موعجیزه‌یه‌ك كوژراوه‌كه زیندوو بۆته‌وه‌و ڕاستی بكوژه‌كه‌ی خۆی وتووه)، جا ئا به‌و شێوه‌یه‌و به ئاسانی، خوا مردوان زیندوو ده‌كاته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆیتان نیشان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ن و ژیر بن.
(74) پاشان له‌وه‌ودوا دڵه‌كانتان ڕه‌ق بوو، (ئه‌ی جوله‌كه‌كان) هه‌ر وه‌ك به‌رد، به‌لچكو ڕه‌قتریش (چونكه) به‌ڕاستی به‌رد هه‌یه ڕووباری لێ هه‌ڵده‌قوڵێت، هه‌شیانه له‌ت له‌ت ده‌بێت و ئاوی لێ دێته ده‌ره‌وه، هه‌شیانه له ترسی خوا له لوطكه‌ی شاخه‌كان به‌ر ده‌بێته‌وه، خوایش بێ‌ئاگا نیه له‌و كار‌و كرده‌وانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
(75) ئایا ئێوه (ئه‌ی گرۆی ئیمانداران) به ته‌مان و ئومێده‌وارن كه جوله‌كه ئیمان و باوه‌ڕ بهێنن به ئاینه‌كه‌ی ئێوه، له كاتێكدا بێگومان ده‌سته‌یه‌ك له شاره‌زاكانیان گوفتاری خوایان ده‌بیست له (ته‌ورات)دا، له‌وه‌ودوا ده‌ستكاریان ده‌كرد دوای ئه‌وه‌ی كه تێی گه‌یشتبوون و ده‌یانزانی ڕاستیه‌كه‌ی كامه‌یه.
(76) (له مه‌دینه‌دا جووه‌كان) هه‌ر كاتێك تووشی ئیمانداران ده‌هاتن ده‌یانوت: ئێمه‌ش ئیمانمان هێناوه‌و (موسوڵمان بووین)، به‌ڵام كاتێك پێكه‌وه كۆ ده‌بوونه‌وه له‌گه‌ڵ (به‌ناو زانا‌و دڵره‌قه‌كانیان) به یه‌كتریان ده‌وت: ئه‌وه بۆ ئێوه ئه‌و شتانه‌یان بۆ باس ده‌كه‌ن كه خوا بۆ ئێوه‌ی له (ته‌ورات)دا باسكردووه (ده‌رباره‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی محمد (صلی الله علیه وسلم) تاوه‌كو بیكه‌نه به‌ڵگه به‌سه‌رتانه‌وه لای په‌روه‌ردگارتان!! ئایا ئێوه عه‌قڵتان به‌و شتانه ناشكێت و ژیریتان ناخه‌نه‌كار؟!